ئاگاداری بۆ ڕه‌وه‌ندی کوردستانی به‌رێز

هه‌روه‌ک ئاگادارن هه‌رێمی کوردستان و ووڵاتانی جیهان به‌مه‌به‌ستی ڕێگه‌گرتن له‌ فایرۆسی کۆڕۆنا ژماره‌یه‌ک ڕێوشوێنیان گرتۆته‌ به‌ر بۆ سه‌لامه‌تی هاووڵاتیان و کۆمه‌ڵگا، جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان زۆر به‌خێرایی و له‌ کاته‌کانی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ هه‌نگاوو ڕێنمایی گونجاویان گرتۆته‌به‌ر بۆ ڕێگریکردن له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

دیاره‌ هه‌نگاوه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و هه‌نگاوه‌کانی ووڵاتانی تریش کاریگه‌رییان له‌سه‌ر جوڵه‌و گه‌شتکردن به‌شێوه‌یه‌کی گشتی درووست کردووه‌.

نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش له‌ به‌ریتانیا کاته‌کانی ده‌وام و ژماره‌ی کارمه‌ندانی سنووردار کردووه‌ تاکو کۆتایی مانگی ئازار. بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانین که‌ هاووڵاتیانی ڕه‌وه‌ندی کوردستانی ئاگاداربکه‌ینه‌وه‌ که‌ بۆ پارێزگاری کردن له‌ خۆیان و خانه‌واده‌کانیان و ده‌وروبه‌ریان هه‌وڵبده‌ن خۆیان به‌دووربگرن له‌ شوێنه‌ قه‌ره‌باڵه‌غه‌کان و هاتووچۆیان سنووردار بکه‌ن، بۆنه‌و گردبوونه‌وه‌کانیان دوابخه‌ن،  هاوکات ئه‌گه‌ر بۆ کارێکی زۆر زه‌روور نه‌بێت سه‌ردانی نوسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم نه‌که‌ن وه‌یان وا باشتره‌ پێشتر په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی بکه‌ن و ئامۆژگاری وه‌ربگرن له‌سه‌ر ئه‌وکاره‌ی که‌ هه‌یانه‌.

هه‌روه‌ها پێویسته‌ هاووڵاتیان زانیارییه‌کانی تایبه‌ت به‌گه‌شتکردن بۆ هه‌رێمی کوردستان به‌ به‌رده‌وامی له‌به‌رچاوبگرن له‌م ناونیشانه‌:

 https://gov.krd/coronavirus/information/#information-for-travelers )

باشتره‌ تاکو کۆتایی مانگی نیسان به‌رنامه‌ی گه‌شت کردن دوابخرێت.

بۆ زانیاری به‌رده‌وام له‌سه‌ر دۆخی هه‌رێمی کوردستان و هه‌نگاوه‌کان و ڕێنماییه‌کان تکایه‌ سه‌ردانی ماڵپه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن ( https://gov.krd/coronavirus/ )

هیوای سه‌لامه‌تی و ته‌ندرووستی باش بۆ هه‌موان ده‌خوازین

نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان

له‌نده‌ن

١٦ ئازاری ٢٠٢٠