نوێنەری حکومەتی هه‌رێم بەشداری لە کۆنفڕانسی ساڵانەی پارتی کار دەکات

Alternate Text هەواڵ : 9/27/2026

شانشینی یەکگرتوو، لیڤەرپوڵ، www.uk.gov.krd.شاندێکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شانشینی یەکگرتوو بە سەرۆکایەتی کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم بەشداری لە کۆنفڕانسی ساڵانەی پارتی کاری دەسەڵاتدار کرد کە لە رۆژانی ٢٧ تاکو ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦ لە شاری لیڤەرپوڵ بەڕێوەچوو.

لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکەدا، شاندی نوێنەرایەتی بەشداریکرد لە ژمارەیەك کۆڕ و سیمینار و کۆبوونەوە و بۆنە پێشوازی، بە تایبەتیش ئەوانەی کە پەیوەندیان هەبوو بە بابەت و پرسە نێودەوڵەتیەکان بەمەبەستی ئاشنابوون بە دیدگا و ستراتیژیەتی سیاسەتی دەرەوەی پارتی کار و حکومەتی وڵات سەبارەت بە  رووداو و پێشهاتە نێودەوڵەتیەکان، بە تایبەتیش رۆژهەڵاتی ناوەراست.

هەر لە میانەی کۆنفڕانسەکەدا، نوێنەری حکومەتی هەرێم چاوی کەوت بە خاتوو برجت فیلپسۆن، سه‌رۆکی پارتی کار، ئێد میلیباند وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، وێس ستریتینگ وەزیری بەرگری، ستیڤن داوتی وەزیری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقیا، کاڵڤین بەیلی و لوک پۆلارد وەزیرانی کاروباری سەربازە دێرینەکان و ئاماده‌یی، وه‌ کریس ئێلمۆر وەزیری کاروباری ئەمریکا، کەنەدا و نەتەوەیەکگرتووەکان و لۆرد سەروەر وەزیری کاروباری بازرگانی و ژمارەیەك لە پەرلەمانتار و لۆرد و کاربەدەستانی باڵای پارتی کارو.
لە دیدارەکاندا گفتوگۆ دەربارەی رووداو و پێشهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرژیەکانی ناوچەکە و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر تەواوی ناوچەکە و هەڕەشەی گرووپە تیرۆریستی و میلیشیاکان کرا. نوێنەری حکومەتی هەرێم سوپاسی پاڵپشتیەکانی شانشینی یەکگرتووی کرد لە عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش لە ڕووی سەربازی و ئەمنی و راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە.


لە لایەکی ترەوە و دەربارەی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عیراق و هەرێمی کوردستان، نوێنەری حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا کەوێڕای سوپاسگوزاری بۆ هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان که‌ له‌ دوو ده‌یه‌ی ڕابوردوودا هاوکاری عێراق و هه‌رێمی کوردستان بوون، هاوکات ڕوونه‌ کە ململانێکانی ناوچه‌که‌ هێشتا کاریگه‌ری له‌سه‌ر سه‌قامگیری ئه‌منی هه‌یه‌و پێویسته‌ به‌ هۆشیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت، جەختیشی لەسەر گرینگی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کان و هه‌ماهه‌نگی کردەوە.
کاربەدەستانی بەریتانیا ئاماژەیان بە پەیوەندیە بەهێزەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوودا و هەرێمیان بە هاوپەیمان وەسفکرد، جەختیشیان لەسەربەردەوامی پەیوەندیە دووقۆڵیە بەهێزەکانی نێوان هەردوولا لە بواره‌ جیاکاندا کردەوە. هاوکات ستایشی رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەیان کرد لە شەڕ لە دژی گرووپە تیرۆریستیەکان و پاراستنی ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری هەرێم و ناوچەکە و دڵخۆشبوون به‌ کۆتایی هاتن به‌ داڕشتنه‌وه‌ و یه‌کگرتنه‌وه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌.

هاوکات شاندی نوێنەرایەتی دیداری لەگەڵ ژمارەیەك باڵیۆز و دیپلۆماتکار و نێردە دیبلۆماسیەکان و میوانە جیهانیە بەشداربووەکانی کۆنفڕانسەکە ئەنجامدا و گفتوگۆ دەربارەی رووداو و پێشهاتەکان و مەترسیەکانی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست و پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جیهانی دەرەوە کرا. له‌و ڕووه‌وه‌ جەخت لەسەر گرینگی بەهێزترکردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەکان و کاریی پێکه‌وه‌یی کرایەوە.

شاندی نوێنەرایەتی ئامادەی ووتاری کۆتارۆژی کۆنفڕانسەکە بوو کە لەلایەن ئاندی بێرنهام سەرۆکی پارتەکە و سەرۆکی حکومەتی شانشینی یەکگرتوو پێشکەشکرا. لە ووتارەکەیدا هێڵە گشتییه‌کانی سیاسەتەکانی حکومەتەکەی بۆ چارەسەرکردنی پرس و کێشە ناوخۆییە ئابوری و داراییەکانی بەریتانیا و سەختی ژیانی هاوڵاتیان دەستنیشانکرد. هاوکات ئاماژەی بەوەدا کەوا دەرچوونی شانشینی یەکگرتوو لە یەکێتی ئەوروپا زیانێکی گەورەی بە ئابوری وڵات گەیاندووە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە چەند مانگی داهاتوودا ژمارەیەك بژاردە ئامادە دەکات سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندیەکانی نێوان شانشینی یەکگرتوو و یەکێتی ئەوروپا و چۆنیەتی گەیشتن بە رێکەوتنێکی تازە لە نێوان هەردوولادا.

لیڤەرپوڵ – شانشینی یەکگرتوو
٢٧ – ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦