نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم بەشداری لە مێزگردێکی زانکۆی ستیرلینگی سکۆتلەندا دەکات

Alternate Text هەواڵ : 7/29/2024

شانشینی یەکگرتوو، ئەدەنبرە، www.uk.gov.krd. زانکۆی ستیرلینگ لە سکۆتلەندا مێزگردێکی گفتوگۆی سازکرد دەربارەی پڕۆژەیەکی توێژینەوەی زانکۆکە لەژێر ناونیشانی "سەد ساڵی داهاتووی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست" کە بە سپۆنسۆری ئەنجومەنی سکۆتلەندای کاروباری جیهانی رێکخرابوو.

سەرەتا دکتۆر ئیلیا خیوپۆڵیا و دکتۆر زانا گوڵ سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە پوختێکیان دەربارەی پرۆژەکە پێشکەشکرد کە بریتیە لە توێژینەوەیەکی ئەکادیمی بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی چۆنیەتی وەدیهێنانی ئاشتی و  سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دوا بە دوای ١٠٠ ساڵ لە واژۆکردنی پەیماننامەی نێوەدەوڵەتی لۆزان و مەبەستی میزگردەکەیان روونکردەوە کە بریتیە لە ئاڵ و گۆڕکردنی بیر و ڕاکانی کەسانی پسپۆڕ لە بواری رۆژهەڵاتی ناوەراست و دەوڵەمەندترکردنی توێژینەوەکەیان کە لە داهاتوودا لە بۆنەیەکی تایبەتی فراوانتردا گفتوگۆی زیاتری لەسەر دەکرێت و لە شێوەی راپۆرتێکی توێژینەوە بڵاو دەکرێتەوە.


خەسرۆ ئاژگەیی بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی و میدیا لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم کە بە نوێنەرایەتی نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا بەشداربوو تیشكی خستە سەر ئەوەی کە بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەراست جێگیر ببێت، پێویستە دۆزی رەوای کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە چارەسەر بکرێت و بە هەمان ئاراستەی پەیماننامەی لۆزان نەبردرێت.

ووتیشی تاکو پرسی کورد، هاوکات کێشەی فەلەستین چارەسەر نەکرێت، مومکین نیە ناوچەکە ئاشتی و ئارامی بەخۆیەوە ببینێت. هاوکات جەختی لەسەر گرینگی پێکەوەژیانی ئاشتیانە کردەوە لە ناوچەکە و پێویستی پێداچوونەوە بە بواری پەروەردە و کەلتووری کردەوە بۆ ئەوەی بنەمایەکی راست و دروست دروست ببێت بۆ  وەدیهێنانی ئەمن و ئاسایش لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست.

شایانی باسە ژمارەیەك لە دیبلۆماتکار و ئەکادیمی ئامادەی گفتوگۆکە بوون و را و بۆچوونەکان تاوتوێکران.

ئەدەنبرە – سکۆتلەندا
٢٩ی تەمووزی ٢٠٢٤