نوێنەری حکومەتی هەرێم چاوی دەکەوێت بە ڕاوێژکاری تایبەتی وەزیری بازرگانی نێودەوڵەتی بەریتانیا

Alternate Text هەواڵ : 1/26/2023

لەندەن، شانشینی یەکگرتوو. کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوی کەوت بە دانیاڵ ئەلگەمری ڕاوێژکاری تایبەتی خاتوو کێمی بادینۆچ وەزیری بازرگانی نێودەوڵەتی بەریتانیا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندیە دووقۆڵیە بازرگانیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە هەموو ئاسانکاریەکان پێشكەش بکرێن بەمەبەستی زیاتر برەودان بەو پەیوەندیانە و بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی و وەبەرهێنان لە نێوان هەولێر و لەندەن. هەر لە دانیشتنەکەدا ژمارەیەك بابەتی جیا جیا تاوتوێکران، لەوانەش هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی هەرێم بۆ شانشینی یەکگرتوو، وەك هەنار و سێو و هەنگوین و بەرووبوومەکانی تر، هەروەها چۆنیەتی زیادکردنی وەبەرهێنانی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان.

هەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگی بەردەوام کردەوە بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندیە ئابوری و بازرگانیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا.

لەندەن
٢٦/١/٢٠٢٣