KRG Representation in the United Kingdom
LONDON



  کوردستانیانی دەرەوە لە ڕێگای دەنگدانی ئەلەکترۆنیەوە بەشداری لە پڕۆسەی گشتپرسیەوە دەکەن

خوشك و برایانی بەڕێز

 

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بە پەیڕەوی ژمارە ٢ ساڵی ٢٠١٧ ڕایگەیاند کەوا پڕۆسەی دەنگدان بۆ گشتپرسی کوردستان بە شێوەی ئەلەکترۆنی دەبێت لە ڕێگای ماڵپەڕی کۆمسیۆنەکە. سەرەتا پڕۆسەی ئەلەکترۆنی تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران لە بەرواری ١ – ٧/ ٩/٢٠١٧ دەست پێدەکات. لە بەرواری ٢٣/٩/٢٠١٧ پڕۆسەی دەنگدانی ئەلەکترۆنی بۆ یەك ڕۆژ بەڕێوەدەچێت.

 

بفەرموون ئەوەی خوارەوە چەند ڕێنماییەك لەسەر چۆنیەتی تۆمارکردنی ناو  و دەنگدانی ئەلەکترۆنی:

 

·       دەنگدەر دەبێت لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بێت

·       تەمەنی ١٨ ساڵی تەواو کردبێت

·        ناوی خۆی تۆمار بکات لە داتابەیسی دەنگدانی ئەلەکترۆنی بە پێی ئەو ڕێکارانەی کە لە لایەن کۆمسیۆنەوە دەردەچێت. فۆڕمی تایبەت بە ناو تۆمارکردن لە ڕێگای لینکێکەوە لە بەرواری ١-٧/٩/٢٠١٧ لەسەر ماڵپەڕەکەیان بڵاو دەکرێتەوە

·       دەنگدەر پێویستە لە کاتی ناو تۆمارکردن دوو لەو بەڵگەنامانەی خوارەوە هاوپێچی فۆڕمە ئەلەکترۆنیەکە بکات (پاسەپۆڕتی عیراقی، ناسنامەی باری شارستانی، ڕەگەزنامەی عیراقی، کارتی نیشتیمانی)

·       دوای دڵنیابوون لە ڕاست و دروستی زانیاریەکان و بەڵگەنامەکانی ئەوانەی ناوی خۆیان تۆمارکردووە، هەر دەنگدەرێك (یوزەر نەیم و پاسوۆرد) ێکی پێدەدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە ناو پڕۆگرامی تایبەت بە دەنگدان

 

·       لەگەڵ یەکەمین چوونە ناو پڕۆگرامەکە داوای گۆڕینی (پاسوۆرد) ەکەی لێدەکرێت. ئەمەش بۆ ئەوەیە کەسی تر نەتوانێت لە جێی ئەو کەسە دەنگ بدات، وە بۆ هەر ئامێرێکیش تەنها یەکجار بتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ دەنگدان.

·       دوای دەنگدان، ناوی دەنگدەر دەخرێتە لیستی (ناچالاك) بۆ ئەوەی نەتوانێت جارێکی تر دەنگ بدات.

·       بۆ ئاسانکاری زیاتر بۆ ناو تۆمارکردن و دەنگدان، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ڕاپرسی و هەڵبژاردن ڤیدیۆیەکی فێرکاری لەسەر ماڵپەڕەکەیان بڵاو دەکاتەوە

·       پڕۆسەی دەنگدان بۆ کوردستانیانی دەرەوە لە بەرواری ٢٣/٩/٢٠١٧ بەڕێوەدەچێت.

·       دەنگدان بە پێی ئەو پرسیارە دەبێت کە لە سەر کارتی دەنگدان هەیە لەسەر شاشەکە ( ئایا دەتەوێت هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ببێتە دەوڵەتی سەربەخۆ؟). دەنگدەر بە بەڵێ یان نەخێر دەنگ دەدات بە کلیك کردن لەسەر ئایکۆنی بەڵێ یان نەخێر.

·       ماڵپەڕی کۆمسیۆن : http://khec.krd/Default.aspx

 

بۆ زانیاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی کۆمسیۆنی باڵای ڕاپرسی و هەڵبژاردن بکەن، یان پەیوەندی بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بکەن لە ڕێگای ژمارە تەلەفۆنی (02071524092)